PeyamaKurd - جەی دی ڤەنس هۆشداری دەداتە ئێران : تووندوتیژی بە تووندوتیژی ووڵام دەدرێتەوە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران هەر هێرشێکی نوێ بە هێز ووڵام دەدرێتەوە. ئەمەش دوای ئەو هێرشانەی ئەمریکا دێت کە پێگەکانی ئێرانیان لە درێژایی گەرووی هورموز کردە ئامانج.
جەی دی ڤەنس، لە پۆستێک دا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، ئێران ڕێککەوتنی ئاگربەستی واژوو کردووە و ئەمریکاش "پاپەندی بووە".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تاران ناڕەزایەتی هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێ کردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکە، دەتوانێت پەنا بۆ کەناڵە دیپلۆماسییەکان ببات، بەڵام جەختی کردەوە: "تووندوتیژی بە تووندوتیژی ووڵام دەدرێتەوە."
لای خۆیەوە هەینی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی کۆگاکردنی مووشەک و درۆنی ئێران، لەگەڵ دامەزراوەکانی ڕاداری کەناراوەکان. ئەمەش وەک ووڵامێک بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورموزدا.