PeyamaKurd - دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 5 بەرپرسی ئیسرائیل دەرکرد
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'هائارێتس'ـی ئیسرائیلی کە ئەمرۆ 17ی ئایار بڵاوکراوەتەوە، داواکارانی گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی نهێنییان بۆ پێنج بەرپرسی ئیسرائیلی دەرکردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمانەکان سێ سیاسەتمەدار و دوو بەرپرسی سەربازی دەگرنەوە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی هیچ کامیان ئاشکرا بکات. لای خۆیەوە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەرکردنی هەر فەرمانێکی نوێی دەستگیرکردنی دژی بەرپرسانی ئیسرائیل ڕەتکردووەتەوە.
پێشتریش لە تشرینی دووەمی 2024دا، ئەم دادگایە کە بارەگاکەی لە شاری لاهایە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یووئاف گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئەو ووڵاتە دەرکردبوو؛ ئەمەش بە تۆمەتی ئەنجام دانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کە پەیوەستن بە جەنگی غەززەوە.