سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی: ئەگەر نەوت بگاتە 121 دۆلار ئێران لە کورتهێنانی رزگارى دەبێت

سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی: ئەگەر نەوت بگاتە 121 دۆلار ئێران لە کورتهێنانی رزگارى دەبێت

سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی رایگەیاند: ئێران پێویستی بەوەیە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بگاتە 121 دۆلار بۆ ئەوەی لە کورتهێنانی بودجە رزگاری بێت.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێکیدا کە بەناونیشانی ئاسۆی ئابووری ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بڵاویکردووەتەوە، تیایدا دەڵێت: هەرچەندە بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئێران لە ساڵی رابردوودا نیو ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام بۆ ئەوەی لە کورتهێنانی بودجە رزگاری بێت دەبێت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بگاتە 121 دۆلار.

بانکی نێودەوڵەتیی دەشڵێت: هەڵاوسان لە ئێران لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە 41.5% پێشبینیدەکرێت ساڵی 2024 بگاتە 37.5٪.

ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە پێشبینى کردووە، حکومەت و کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەتى ئێران لەئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی 2023 زیاتر لە چوار ملیار دۆلار داهاتیان زیاد دەکات و دەگاتە 118 ملیار دۆلار کە یەکسانە بە زیاتر لە چارەکێکی ئابووری وڵاتەکە.

ئەمە پاش ئەوەدێت پێشتر بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندبوو قەرزەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی لە ساڵی 2023دا بەرێژەی 56 % زیادیکردووە و گەیشتووەتە هەزارو 310 ترلیۆن تمەن.

بەگوێرەى پێگە ئابوورییەکان، ئێران داشکاندن بە بڕی نزیکەی 13 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە کڕیارانی چینی دەکات.

بەهۆی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی بودجە، حکومەتى ئێران بانکی ناوەندی ناچارکرد کە دراوی نوێ چاپ بکات بۆ ئەوەی قەرز لە بانکەکان و دامەزراوە داراییەکانی دیکەی وڵات وەربگرێت.

لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2024ی ئێراندا، کە بڕەکەی 108.36 ملیاردۆلارە،  داهاتی باج نزیکەی دوو هێندەی داهاتی فرۆشتنی نەوت و گازە. داهاتى نەوت لە بودجەی 2024دا 11 ملیارو 80 ملیۆن دۆلارەو داهاتی باجیش نزیکەی 22 ملیار دۆلارە.