PeyamaKurd - سوپای ئیسرائیل : زیاتر لە ٨٥ ژێرخانی حیزبۆلڵا لە لوبنان کرانە ئامانج
ووتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند : لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئەم ووڵاتە زیاتر لە ٨٥ ژێرخانی سەر بە ڕێکخراوی حیزبۆڵڵایان لە چەند ناوچەیەکی لوبنان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، هێرشەکان لە ئاسمان و زەمینییەوە ئەنجام دراون و کۆگاکانی کەرەستەی سەربازی، لانچەر، باڵەخانە سەربازییەکان و ناوەندەکانی کە هێزەکانی حیزبۆڵڵا بۆ ئەنجام دانی پلانی ھێرشكردنە سەر هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بەکاریان ھێناوە، كراونەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل شوێنێکی ژێرزەمینی سەر بە حیزبۆڵڵای لە ناوچەی بیقاع کردە ئامانج کە بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی بەکاردەهات. هەروەها لە باشووری لوبنان ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبۆڵڵا کە خەریکی پێش خستنی پلانی ئۆپراسیۆنی دژ بە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بوون، کرانە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوی ئیسرائیل، حیزبۆڵڵا لەو ماوەیەدا چەند مووشەکێکی ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان كردووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.