PeyamaKurd - سوپای ئیسرائیل : ٥ سەربازمان لە باشووری لوبنان کوژران
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا، پێنج سەربازیان لە باشووری لوبنان کوژراون و ١٣ی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی هەینی، تانکێکی سوپای ئیسرائیل لە نزیک گوندی تەبنیەت پێکرا، بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژران کە سێیان ناسنامەیان ئاشکرا کراوە (دۆر گەدەلیا، یۆئاڤ کلاین، لیاڤ کەبابیا). شەوی دواتر، حیزبوڵڵا بە زیاتر لە ٥٠ مووشەک و گوللە هێرشی کردە سەر پێگەکانی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی سەربازێک بەناوی نیر بن ئاری و برینداربوونی ١٣ سەربازی دیکە.
سوپای ئیسرائیل ئەم هێرشانەی حیزبوڵڵای بە پێشێلکارییەکی ڕەهای ئاگربەست ناوبرد و لە بەرانبەردا چەندین بنکەی سەربازی و کۆگای چەکی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد.
بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری، فەرمانیان بە سوپا کرد پابەندی ئاگربەست بن تا کاتێکی نادیار، بەڵام جەختیان کردەوە، هەر هەڕەشەیەک لەسەر سەربازەکانیان هەبێت ووڵامی تووندی دەدەنەوە.