لە هەر 45 خولەکێکدا کەسێکی ملیۆنێر لە بەریتانیا هەڵدێت
پەیامی کورد ... لە هەر 45 خولەکێکدا کەسێکی ملیۆنێر لە بەریتانیا هەڵدێت
10,000+ لە ساڵی 2024 ڕایانکرد، دوای ئەوەی ستارمەر ووتی دەیەوێت باج لەسەر دەوڵەمەندەکان زیاد بکات... ئابووری بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا تەنها بە ڕێژەی ٠.٠٩% گەشەی کردووە و وەبەرهێنەران پلانەکەی ستارمەر بە 'زیان گەیاندنی مۆنۆمێنتال' ناودەبەن.
پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار کە یەکێکە لە پایە تەقلیدییەکانی سیاسەتی بەریتانیا، ڕووبەڕووی دابەزینێکی بێ وێنە لە ئاستی جەماوەریدایە، لە کاتێکدا پارتی ڕاستڕەوی "چاکسازی" کە لەلایەن ئیلۆن ماسکەوە پشتیوانی دەکرێت، بە خێرایی پێگەی خۆی لەنێو بیروڕای گشتی دا بەهێزتر دەکات. ڕەوتێک کە دەتوانێت ئایندەی سیاسی ووڵات بەشێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا ڕۆژی سێشەممە، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی سەخت و پڕ لە تەحەدا بوو بۆ کیر ستارمەر و پارتی کرێکاران، کە پاڵپشتی گشتی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی. ئامارەکان دەریدەخەن کە تێکڕای جەماوەری ئەو پارتە بۆ لەسەدا ٢٦.٦ دابەزیوە؛ ئەمەش بەڕێژەی 17.6% دابەزیوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئەمەش گەورەترین دابەزینی ناوبانگ بۆ پارتێکی سیاسییە لە مێژووی بەریتانیادا.
پارتی کرێکاران کە پێنج مانگ لەمەوبەر بە زۆرینەیەکی بەرچاو زاڵ بوو بەسەر سیاسەتی بەریتانیادا، ئێستا خۆی لە پێگەیەکدا دەبینێتەوە کە تەنها کەمێک لە سەرووی پارتی پارێزگارانەوەیە. بەپێی ڕاپرسییەکان، جیاوازی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی ئەو ووڵاتە (کرێکاران و پارێزگاران) بۆ کەمتر لە 0.5% دابەزیوە و ئەم دۆخەش تەحەدایەکی گەورەی خستۆتە بەردەم پارتی کرێکار.
لە لایەکی دیکەوە پارتی چاکسازی بە سەرۆکایەتی نایجل فەراج بووەتە سێیەم پارتی بەناوبانگی ووڵات لە ڕاپرسییەکاندا، جەخت لەسەر دژە کۆچبەری و درووشمی نەتەوەپەرستی دەکاتەوە. ئێستا پارتەکە لەسەدا ٢١ی پشتیوانی گشتی هەیە و شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە ئەم بەرزبوونەوەیە ڕەنگدانەوەی ناڕەزایی گشتییە لە سیاسەتە تەقلیدیەکان و خواستی مەیلی ڕادیکاڵتر.
بزووتنەوەکانی پارتی چاکسازی نیگەرانی جیددی سەبارەت بە داهاتووی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا درووست کردووە. فەراج کە مێژوویەکی سەرکردایەتیکردنی پارتی برێگزیت و کاریگەری لەسەر ڕیفراندۆم لەسەر دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا هەیە، ئێستا هەوڵدەدات هاوکێشە سیاسییەکانی ووڵاتەکە لەگەڵ پارتێکی نوێدا بگۆڕێت. ئەو کە بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا هاتە ناو ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان، ئامادەیە بۆ سەرکەوتنێکی تەواو و دەستبەسەرداگرتنی حکومەت لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکاندا.
ئەم لێدوانانە کاتێک گرینگ دەبن کە دەزانین کە ئیلۆن ماسک، ملیاردێری ئەمریکی و وەزیری باشکردن لە ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترامپ، ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی دارایی لە پارتی چاکسازی ڕاگەیاندووە. ماسک وەک هاووڵاتییەکی ئەمریکی ناتوانێت ڕاستەوخۆ بەخشین بە پارتە بەریتانیاییەکان بکات، بەڵام دەتوانێت لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی سەر بە خۆیەوە لە بەریتانیا ئەو کارە بکات، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 90 ملیۆن پاوەند قازانجیان کردووە.
ئەمەش بووەتە هۆی ڕەخنە و داواکردن لە حکومەتی بەریتانیا چاکسازی لە یاساکانی بەڕێوەبردنی بەخشینی پارتە سیاسییەکان لەو ووڵاتەدا بکات. ڕەخنەگران دەڵێن، دواکەوتنی چاکسازی لە یاساکان ڕەنگە دەرفەت بە فەراج و پارتەکەی بدات کە دۆخەکە وەک نیشانەی بەرەنگاربوونەوەی نوخبە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان بەکاربهێنن و پاڵپشتی زیاتری گشتی بۆ خۆیان ڕابکێشن.
فەراج هەروەها بانگەشەی کردووە: "لایەنە کۆنەکان نایانەوێت کێبڕکێ بکەن و لەبری ئەوە هەوڵ دەدەن بە سنووردارکردنی یاسایی ئێمە لەناوببەن". "بەڵام ئەم پێکهاتە ڕزیوە دەبێت بگۆڕێت."
ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە