مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت

مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت

 

بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتیی لە عێراق بەڕێوەبچێت و 120 هەزار مامۆستا و كادیری پەروەردەیی بەشداری پرۆسەكە دەكەن. 

رۆژنامەی (الصباح)ـی عێراقی بڵاویكردووەتەوە،"وەزارەتی پلاندانانی عێراق مانگی تشرینی دووەمی داهاتووی وەك وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و شوێنەكانی نیشتەجێبوون دیاریكردووە".

ئاماژە بەوەش كراوە،"سەرژمێرییەكە بەشێوەیەكی مەیدانی ئەنجامدەدرێت و لەلایەن (120) هەزار لە كادێرانی وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجامدەدرێت, لە مانگی ئایاری داهاتووشدا بەشێوەیەكی ئەزموونی پرۆسەكە بەڕێوەدەبرێت".

محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە،"ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق تەنها شەش مانگی ماوە, كە بڕیارە لە رۆژی (20) تشرینی دووەمدا بەڕێوەبچێت, هێشتا كاری زۆریان لەبەردەمدا ماوە ئەنجامی بدەن".

ڕوونیشیكردووەتەوە،"كارەكان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری ئەزموونی نیوەیی لە مانگی ئایاردا, وێڕای راهێنانی ئەو كەسانەی لە پرۆسەكە كاردەكەن كە ژمارەیان بە (120) هەزار كارمەند دەخەمڵێنرێت و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە رێككەوتنیان كردووە بۆ ئامادەكردنی مامۆستایان و كادێرانی پەروەردەیی بۆ پرسەكە".

دەشڵێت،"ئامادەكارییەكان بۆ قۆناغی ژمارەلێدان و جیاكردنەوە ماوەی دوو مانگی پێویستە, پێش ئەنجامدانی سەرژمێری بە دوو مانگ بەڕێوەدەچێت".

ئەم سەرژمێرییە دەبێت یەكەم سەرژمێری گشتی لە عێراق كە بەشێوەیەكی ئەلەكترۆنی بەڕێوەبچێت, رەنگە دواین سەرژمێریش بێت, چونكە دوای ئەوە وڵات پێویستی بە سەرژمێری نابێت.