PeyamaKurd - ناتانیاهوو دژایەتی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35ی ئەمریکی بە تورکیا دەکات
پێش سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ تورکیا بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کرد فڕۆکەی ئێف-35 و بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا نەفرۆشێت.
بێنیامین ناتانیاهوو لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، حکوومەتی تورکیای بە "ڕژێمێکی تووشبوو بە ئیخوان موسلیمین" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بە ئانکارا "دەبێتە هۆی تێک دانی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێک دانی باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل و هەروەها پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا".
لە هەمان کات دا تورکیای بە "ووڵاتێکی گەورە" ناوبرد، بەڵام داخی خۆی دەربڕی کە ئەو ووڵاتە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ەوە بەڕێوەدەبرێت. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئەردۆغان بەدوای فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی دا دەگەڕێت لەکاتێک دا بە ئاشکرا هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل و داگیرکردنی نیوەی قوبرس دەکات.
ئۆپۆزسیۆن لە کاتێک دایە کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە هەڵکشان دایە و شەڕی قسە لە نێوان بەرپرسانی دوو ووڵاتدا ڕوودەدات. لە کاتێک دا تورکیا ئیسرائیل بە "کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان" تۆمەتبار دەکات، ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو دانی بە "جینۆسایدی ئەرمەنییەکان"دا ناوە کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە ئەنجام دراوە.
پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا کە سەردەمانێک بەهێزترین ووڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لە دوای هاتنە سەرکاری ئەردۆغان بە شێوەیەکی بەرچاو تێک چووە. بە تایبەتی لە دوای دەست پێکردنی شەڕی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تووشی ئاڵۆزی بوون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز مانگی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترامپ بە فەرمی کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە لە نیازی خۆی بۆ فرۆشتنی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار بە بزوێنەری جەیت بە تورکیا.
سەرۆک ترامپ لەو کاتەدا ئاماژەی بە ئەگەری فرۆشتنی بزوێنەر و فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بە تورکیا کرد و ووتی: “پێ دەچێت شتێک بکەم کە ئەو [ئەردۆغان] زۆر دڵخۆش بکات”.
فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35 بە تورکیە وەک هەنگاوێکی بەرچاو بۆ ئانکارا سەیر دەکرێت، هەروەها بۆ ئەردۆغان کە ترامپ بە هاوپەیمانێکی سەرەکی دەزانێت.