PeyamaKurd - ناتانیاهوو فەرمانی چڕكردنەوەی ھێرشەكانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبۆڵڵا دەركرد
بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانی بە سوپای ووڵاتەکەی داوە هێرشەکانیان بۆ سەر حیزبۆڵڵا چڕتر بکەنەوە.
ناتانیاهوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لەگەڵ حیزبۆڵڵا لە شەڕداین.
ئاماژەی بەوە كرد، "تەنها لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ھێزە شەڕكەرە ئازاکانمان زیاتر لە ٦٠٠ تیرۆریستیان لەناو بردووە، دەمەوێت بزانن کە زیاتر لە ٦٠٠ تیرۆریست".
لە درێژەی قسەکانی دا ووتی : ئێمە پێمان لە سەر گازەكە هەڵناگرین، بەپێچەوانەوە دەبێت پێداڵەکە تووندتر فشار بدەین و لێیان بدەین.
ناتانیاهوو بە ئاماژەدان بە هەڵدانی دڕۆنەكان لەلایەن حیزبۆڵڵاوە بۆ ناو ئیسرائیل ووتی : "بەڵێ، دڕۆن بەرەو ئێمە هەڵ دەدەن؛ دڕۆنی فەیبری. ئێمە تیمێکی تایبەتمان هەیە کە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و چارەسەری دەکەین."
ھەروەھا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر حیزبۆڵڵا لە دۆڵی بیقاع و ناوچەکانی دیکەی لوبنان و چەندین ژێرخانی ئەو گرووپەیان لەناو بردووە.