نیگەرانی مای ساتۆ لە دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران 

Dîroka Belavkirin :
نیگەرانی مای ساتۆ لە دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران 
پەیامی کورد   ...   نیگەرانی مای ساتۆ لە دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران 

مای ساتۆ ڕێپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆیی ئێران نیگەرانیی خۆی لەبەرامبەر دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە ئێران دەربڕی.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، مای ساتۆ ڕێپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆیی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە "ئێکس"دا وێڕای نیگەرانی لەبارەی دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران، ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران خوازیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە سیاسییە بووە.

مای ساتۆ بە ئاماژەدان بە ناوی هەرکام لە بابەک عەلیپوور، وەحید بەنی عامریان، ئەکبەر (شارۆخ) دانشوەرکار، پوویا قوبادی، ئەبولحەسەن مونتەزێر و محەممەد تەقەوی بەندکراوانی سیاسی ئێران نیگەرانی جیددی خۆی دەربڕی.

مای ساتۆ لەو نووسراوەی دا باسی لەوە کردووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییانە لە دوای تێپەڕاندنی ڕەوتی یاسایی ئەشکەنجە، دەست بەسەری درێژماوە لە ژووری تاکەکەسی و بێبەریکردن لە پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسییەکانیان، لە کاتی جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارەدانیان نزیک دەبنەوە.

"ساتۆ" هەروەها ئاماژەی بە چەندین ڕاپۆرت لەبارەی "پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە قۆناغی دەسبەسەری و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە" دژی ئەو شەش بەندکراوە سیاسییە پێداگری کردووە و ئەو هەوڵانەی ڕێژیم دژ بە بەندکراوانی سیاسی بە نایاسایی و دژایەتی لەگەڵ جاڕنامە نێونەتەوەیی و جیهانییەکان لە قەڵەم دا.

شایانی باسە ئەو سزایانە لەلایەن ئیمان ئەفشاری بەناو دادوەری لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم ەوە لە تاران، بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگەی ئەندام بوون لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم"ـەوە بە سەر ئەو شەش بەندکراوە سیاسییەدا سەپاوە.