PeyamaKurd - ٢٦ ووڵات داوای کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەن
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ ووڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای کردنەوەی گەرووی هورمزیان کرد.
لە بەیاننامەکەدا کە واژووی ووڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا، بەحرەین، کەنەدا، ئاڵمانیا، ژاپۆن، قەتەر و کۆریای باشووری لەسەرە، جەخت لەسەر پابەندبوون بە کەڵک وەرگرتن لە توانا دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازییە بەکۆمەڵەکان بۆ پشتیوانی کردن لە ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورموز کراوەتەوە.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە : "پێویستە کەشتیوانی ئازاد بێت، بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا و یاسا نێودەوڵەتییەکان".
واژووکاران پشتیوانیان لە پێکهێنانی ئەرکێکی سەربازی فرەنەتەوەیی سەربەخۆ و بەرگری تەواو کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی پاک کردنەوەی مینەوە.
پێش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە، دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی چین پێشنیاری بۆ کردنەوەی گەرووی هورموز و پێش خستنی ڕێککەوتنێکی پەیوەندیدار بە ئێران كردووە.
هەروەها وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ئەم ئۆپراسیۆنە لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکان و دوای گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام دەست پێدەکات.