PeyamaKurd - پۆلیسی مۆنتێنێگرۆ ئێرانییەکی بە تاوانی هێرشی سایبێری دەست بەسەر کرد
پۆلیسی ووڵاتی مۆنتێنێگرۆ کەسێکی ئێرانی تەمەن ٣٩ ساڵانی دەست بەسەر کرد کە بەهۆی هێرشی سایبێرییەوە نزیک بە ٣.٤ میلیارد دۆلار زیانی بە ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەمریکا گەیاندبوو.
پۆلیسی مۆنتێنێگرۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەو تاوانبارە لە ساڵی ٢٠١٣ هێرشێکی سایبێری دژی زیاتر لە ١٥٠ زانکۆی ئەمریکا دەست پێ کرد کە زیانەکانی بە ٣.٤ میلیارد دۆلار دەخەمڵێندرێت".
بە ووتەی پۆلیسی ئەو ووڵاتە، دۆسییەی ئەو کەسە دوای داواکاری ئەمریکا دراوە بە دادگای باڵای پایتەختی مۆنتێنێگرۆ.
لە بەیاننامەدا هاتووە کە هەموو داتا و زانیارییەکانی ئەو زانکۆیانەی ئەمریکا کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر، دراوە بە سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی تاران.