PeyamaKurd - پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەک دژ بە سەرکوت کردن و لەسێدارەدان لە ئێران پەسەند دەکات
پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی خۆی لە سترازبۆرگ بڕیارنامەیەکی هاوبەشی پەسەند کرد کە تێیدا شەپۆلی سەرکوت کردن و لەسێدارەدان و پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤی لە ئێران بە تووندی سەرکۆنە کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەست بەجێی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانییانی سیاسی کرد.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا بە ڕاگەیاندنی پشتگیری خۆیان بۆ خەڵکی ئێران جەختیان لەوە کردەوە كە کۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەكان کەڵک وەردەگرێت. لە بڕیارنامەکەدا بە تووندی سەرکۆنەی لەسێدارەدانی نهێنی نەیارانی سیاسی لەوان لاوان لە مانگەکانی سێ و چواردا کردووە و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دەست بەجێ سەرجەم زیندانییانی سیاسی ئازاد بکەن.
پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها داوای پەرەپێدانی سزای سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سوپای پاسداران و دامودەزگاکانی سەر بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی كردووە.
پەرلەمانتارانی ئەورووپا هەروەها داوایان لە ووڵاتانی ئەندامی یەکیتی ئەورووپا کردووە کە چوونە ژوورەوەی ئەندامانی سوپای پاسداران و بنەماڵە نزیکەکانیان بۆ ئەورووپا قەدەغە بکەن و چالاکییەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی ڕابگرن.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا، پەرلەمانی ئەورووپا جەختی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئینتەرنێتێکی ئازاد و پارێزراو بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی کردووەتەوە و خوازیاری پشتیوانی زیاتری یەکیتی ئەورووپایە بۆ لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران. ئەم لیژنەیە پێشتر هۆشداری دابوو کە سەرکوت کردنی حکوومەت لە ئێران دا دەتوانێت بخرێتە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.
ئەم بڕیارنامەیە بە ٥١٦ دەنگی بەڵێ و ١٤ دەنگی نەخێر و ٣٩ دەنگی بێ لایەن پەسەند کراوە.