ڕاوێژکاری و ڕاگۆڕینەوەی نێوان پووتین و بن سەلمان

ڕاوێژکاری و ڕاگۆڕینەوەی نێوان پووتین و بن سەلمان
پەیامی کورد   ...   ڕاوێژکاری و ڕاگۆڕینەوەی نێوان پووتین و بن سەلمان

لە سەردانەکەیدا بۆ ڕیاز، سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سەعوودیە سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆخی ناوچەکە گفتوگۆی کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکان دیداری نێوان ڤلادێمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سەعوودیە شەوی چوارشەممە لە کۆشکی ئیمامە لە ڕیازی پایتەختی سەعوودیە بەڕێوەچوو و زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند.

پێش سەعوودیە، پووتین سەفەری بۆ ئەبوزەبی کردبوو و لەگەڵ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات باسیان لە پرسە دووقۆڵی و ناوچەییەکان کردبوو.

لە سەرەتای دیدارەکەیدا لەگەڵ بن سەلمان، سەرۆکی ڕووسیا پێشنیازی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو ووڵات و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە کرد. هەروەها پووتین بانگهێشتی بن سەلمانی کرد بۆ سەردانی ڕووسیا و شازادەی جێنشینی سەعوودیە ئەم بانگهێشتەی قبووڵ کرد.

لەم دیدارەدا پووتین جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان مۆسکۆ و ڕیاز بکات، ڕووسیا ئەلیەوم نووسیویەتی.
وەک پێشتر ڕاگەێندرا، هەردوولا باسیان لە هاوکاری لە بوارەکانی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان و هتد کرد.

دیمیتری پێسکۆڤ، ووتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا هەروەها ووتی: لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە ململانێکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل و بابەتی هەستیاری دیکە لە کارنامەی نێودەوڵەتی کردووە.

بن سەلمان هەروەها پووتین ی بە "میوانێکی تایبەتی" سەعوودیە وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاوکاری نێوان سەعوودیە و ڕووسیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا.

ئەم بابەتە 113 جار خوێندراوەتەوە