PeyamaKurd - کۆشکی سپی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی ئێران سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێککەوتن ڕەتدەکاتەوە
کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران "بە تەواوی هەڵبەستراوە."
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، کە چەند بانگەشەیەکی تێدایە سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە و ئەگەری مل نەدانی حکوومەتی ئێران بۆ هێڵە سوورەکانی ئەمریکا.
هێڵی ووڵامی خێرای کۆشکی سپی، ناسراو بە ڕاپد ریسپۆنس 47، لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ئەم ڕاپۆرتەی میدیای کۆنترۆڵ کراوی ئێران ڕاست نییە و ئەو یاداشتنامەی لێک تێگەیشتنەی ئەوان 'بڵاویان کردووەتەوە' بە تەواوی هەڵبەستراوە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی ئێران بێت، لە ڕەشنووسی یاداشتی لێک تێگەیشتنەکەدا هاتووە پێویستە ئەمریکا هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە و کۆتایی بە ئابڵوقەی دەریایی بهێنێت، لە بەرامبەردا ئێران لە ماوەی مانگێکدا هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز ئاسایی دەکاتەوە و "هەموو هاتووچووەکان لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن."
کۆشکی سپی لە ووڵام دا دەڵێت، "نابێت کەس باوەڕ بەو شتانە بکات کە میدیای ئێران دەیخاتە ڕوو. ڕاستییەکان گرینگن."