PeyamaKurd - یەکیتی ئەورووپا سزای نوێ بەسەر ١٩ بەرپرس و دامەزراوەی ئێران دا دەسەپێنێت
یەکیتی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر ئێران دا پەسەند کرد. ئەم سزایانە ١٩ بەرپرس و دامەزراوەی ئەو ووڵاتە دەگرێتەوە بەهۆی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاری ناوخۆیی یەوە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا لە پۆستێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، "یەکیتی ئەورووپا بەردەوامە لە لێپرسینەوە لە ئێران."
کایا کالاس ئاشکرای کرد، چوارشەممە، باڵیۆزانی ووڵاتانی ئەندامی یەکیتی ئەورووپا سزای نوێیان بەسەر ئێراندا پەسەند کردووە. سزاکان ئەو بەرپرس و لایەنانە دەگرنەوە هۆکاری پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤن لەو وڵاتەدا.
بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم سزایانە لە "ڕۆژنامەی فەرمی یەکیتی ئەورووپا" بڵاو بکرێنەوە، سزاکانیش بریتین لە بلۆک کردنی سەروەت و سامان و قەدەغەی گەشتکردن بۆ ووڵاتانی ئەندام.
کایا کالاس پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی تاران کرد و گوتی، "ئەمە پەیامێکیشە بۆ تاران بۆ سەلماندنی ئەوەی داهاتووی ئێران ناتوانرێت لەسەر بنەمای سەرکوتکردن بونیاد بندرێت."