پەیامی کورد ... فەرماندەیی هاوبەشی بەرگری ئاسمانی قەتەر و ئەمریکا دەستی پێکرد
سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی قەتەر و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ناوەندی فەرماندەیی هاوبەشی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی ئاسمانی ئەلعۆدەید لە دۆحە کردەوە.
دووشەممە، جاسم بن محەمەد ئەلمەنای، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی قەتەر و براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ناوەندی فەرماندەیی هاوبەشی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی ئاسمانی ئەلعۆدەید لە دەوحەیان کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوی وەزارەتی بەرگری قەتەر، هەردوولا بە سەرپەرشتی و چاودێری سعوود بن عەبدۆلڕەحمان ئەلسانی وەزیری بەرگری قەتەر ناوەندەکەیان کردەوە.
پێش دەستپێکردنی سەنتەرەکە، ئەلمەنای و کوپەر کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرینگی هاوبەش و ڕێگاکانی بەهێزکردنی کرد.
وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕوونیکردەوە، کردنەوەی سەنتەرەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و بەهێزکردنی توانای فەرماندەیی و کۆنترۆڵ کردنی هێزە چەکدارەکانی قەتەر بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرزترین ئاستی ئامادەیی و کارایی ئۆپراسیۆنەکان ئەنجامدراوە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکردنی واژووکرد و تیایدا هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی قەتەر یان سەروەری قەتەر بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا ناساند.