خۆکوژی دوو پەرستار لە کرماشان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا

Dîroka Belavkirin :
خۆکوژی دوو پەرستار لە کرماشان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا
پەیامی کورد    ...   خۆکوژی دوو پەرستار لە کرماشان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو پەرستاری خەڵکی کرماشان کە لە سەنتەری دەرمانی سەر بە زانکۆی پزیشکی کرماشان کاریان دەکرد، بە هۆکاری فشاری درێژخایەن و ماندوویەتی پیشەیی کۆتایی یان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز، "شەیدا ئەرزانی" پەرستار لە نەخۆشخانەی "ئیمام ڕەزا"ی کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها شەوی شەممە ٢٢ی سەماوەز، "میلاد مرۆوەتی" ٢٥ ساڵە و پەرستار لە ئورژانسی نەخۆشخانەی خومەینی لە کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو لە کۆتا پۆستی ئینستاگرامی خۆی دا نوسیبووی: "ویستم کۆتایی بە خەم بێنم، بەڵام نەمتوانی..کۆتاییم بە خۆم هێنا".

سەعید مورادی وەفا، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری پەرستارانی کرماشان بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی تایبەتی خۆی، ئەم ڕووداوەی بە بڕیارێکی کەسی دانەناوە، بەڵکوو هۆکارەکەی بۆ کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و پووکانەوەی کادری دەرمانی نیزامی پەرستاری لە ئێران دا گەڕاندووەتەوە.