هاکان فیدان: دەمانەوێت دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچن

Dîroka Belavkirin :
هاکان فیدان: دەمانەوێت دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچن
پەیامی کورد... هاکان فیدان: دەمانەوێت دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەنقەرە هیوادارە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕێگەی دیالۆگ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچن؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار کە لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگواستن ومەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە.

فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «تی ئاڕ تی وۆرڵد»ی تورکی وتی: "تەنها هیوادارین کارەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و بە ئاشتییانە بەڕێوەبچن، نامانەوێت جارێکی تر هیچ پێویستییەک بۆ پەنابردنە بەر هۆکارە سەربازییەکان ببینین."

هەروەها وتی: "بەهۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار، ئارامی و سەبری لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت."

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد: "نامانەوێت دووبارە پەنا بۆ کردەوەی سەربازی دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ببەین، و هیوادارین کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن."

لە کۆتاییدا وتی: "پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات درک بەوە بکەن کە سەبری لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە تەواو دەبێت."