پەیامی کورد ... بەپرسی مووساد : نابێ ڕێگە بدەین ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی کارا بکاتەوە
دەیڤد بەرنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مووساد)، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: دوای تێپەڕبوونی ٦ مانگ بەسەر بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران لە جەنگێکدا کە ١٢ ڕۆژی خایاند، دەبێت ئیسرائیل گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ نەکاتەوە.
بەرنیا لە میانەی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ئەندامانی مووساد لە قودس ووتی: هێشتا بیرۆکەی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی لە دڵیان دا لێ دەدات و زیندووە.
ووتی : ئەرکی سەرشانمانە بە هەماهەنگییەکی پتەو لەگەڵ ئەمریکییەکان، دڵنیا بین لەوەی ئەو پڕۆژە ئەتۆمییەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، جارێکی تر کارا نەکرێتەوە.
هەروەها سەبارەت بە ویست و ئامانجی ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە ئێران دەیەوێ بە ڕێککەوتنێکی خراپی ناوکی، جارێکی دیکە جیهان فریو بدات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنانەت ئیزنی جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنێکی لاوازیش بە تاران نادرێت و ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەرفەتێکی دەست کەوێ، دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەگا.