هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕاگرتنی شەڕیان لە حەلەب ڕاگەیاند

Dîroka Belavkirin :
هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕاگرتنی شەڕیان لە حەلەب ڕاگەیاند
پەیامی کورد- حەلەب... هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕاگرتنی شەڕیان لە حەلەب ڕاگەیاند

سەرچاوە ئەمنییە کوردییەکان و سەرچاوەکانی دیمەشق، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ڕایانگەیاند کە ئەو پێکدادانە توندانەی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق و "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات" ڕوویاندا بوو، وەستاون.

"ئاسایش" لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێنمایی داوەتە هێزەکانی بۆ ڕاگرتنی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدراون، ئەوەش وەک پابەندبوونێک بەو پەیوەندییانەی کە لە ئارادان و هەوڵەکانی ئێستا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

هەروەها وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی دیمەشق ڕایگەیاند کە داوای لە هێزەکانی کردووە تەقەکردن ڕابگرن.

ئەم پەرەسەندنانە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان دێن، لەگەڵ بەردەوامی هەوڵە سیاسی و ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئارامی لە ناوچەکەدا.

لە هەمان کاتدا، سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایانگەیاند کە ژمارەی بریندارەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بۆ ١٧ کەسی مەدەنی بەرزبووەتەوە.

ئەم ئاڵۆزییانە لە پاش هێرشی گرووپێکی چەکدار بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی حکوومەت هات، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی ئاسایش و دروستبوونی گرژی ئەمنی لە ناوچەکەدا.