١٦.٥ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی سووریا هێشتا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە

Dîroka Belavkirin :
١٦.٥ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی سووریا هێشتا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە
پەیامی کورد... ١٦.٥ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی سووریا هێشتا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا)، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، کە لەگەڵ هاوبەشەکانی بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا و چاودێریکردنی پەرەسەندنەکان لە شاری حەلەبی سووریا.

ئۆچا ڕایگەیاند: "کردەوە دوژمنکارییەکانی ئەم دواییەی حەلەب بووە هۆی بۆردومانکردنی چەندین گەڕەک، ئەمەش شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی لێکەوتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سووریا، دوو مەدەنی کوژراون و چەندانی دیکەش بریندار بوون."

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی بارودۆخەکەدا، پێداویستی پزیشکی بەپەلەی بۆ دەسەڵاتە تەندروستییەکان ناردووە.

ئەو ئۆفیسە ڕایگەیاند: "سەبارەت بە دۆخی گشتی، پێداویستییە مرۆییەکان لە سەرانسەری سووریادا بە توندی ماونەتەوە، بەجۆرێک کە ١٦.٥ ملیۆن کەس هێشتا پێویستییان بە هاوکاری هەیە، کە دەکاتە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووان."

ئۆچا ئەوەشی خستەڕوو کە پیسبوون بە پاشماوەی تەقەمەنییەکان هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سوورییەکان، تەنها لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا بووەتە هۆی کوژرانی ٢١ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٦٠ کەسی دیکە، کە نیوەیان منداڵن.

هەروەها وتیشی: "تا ئێستا ٢.٥ ملیۆن منداڵ لە خوێندن دابڕاون و ٤٠٪ی قوتابخانەکانیش بۆ کارکردن و خوێندن گونجاو نین."