دەستەی ڕاوێژکاریی شاندی دانوستانکاری خۆبەڕێوەبەری: لە ماوەی داهاتوودا ڕاگەیاندنی چەند ڕێککەوتنامەیەک دەبینین

Dîroka Belavkirin :
دەستەی ڕاوێژکاریی شاندی دانوستانکاری خۆبەڕێوەبەری: لە ماوەی داهاتوودا ڕاگەیاندنی چەند ڕێککەوتنامەیەک دەبینین
پەیامی کورد- ڕەقە... دەستەی ڕاوێژکاریی شاندی دانوستانکاری خۆبەڕێوەبەری: لە ماوەی داهاتوودا ڕاگەیاندنی چەند ڕێککەوتنامەیەک دەبینین

محەمەد نوور ئەلدەب، وتەبێژی دەستەی ڕاوێژکاریی پاڵپشتی شاندی دانوستانکار لە ڕەققە و تەبقە، دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ماوەی داهاتوو شایەتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک ڕێککەوتنامە دەبێت سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.

دەستەی ڕاوێژکاریی پاڵپشتی لێژنەی دانوستان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی سووریا و ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کرد.

ئەلدەب ڕاگەیاند کە دەستەی ڕاوێژکاری پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار، و جەختی کردەوە کە گفتوگۆ تەنیا بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و قەدەغەکردنی ڕشتنی خوێنی سوورییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا نزیکەی ٦٠٠ کەس لە شێخ و کەسایەتییەکانی عەشایەر، پیاوانی ئایینی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان، لەگەڵ نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری و دانیشتووانی ڕەققە و تەبقە ئامادە بوون.

ناوبراو ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆتاییهێنان بە تەنگژەی سووریا تەنیا لە ڕێگەی دانوستان و پابەندبوون بەو بڕیارانەوە دەبێت کە لە لایەن لێژنەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی گواستنەوە لە دیمەشق دەردەچن.

هەروەها ئەلدەب داوای لە حکومەتی سووریا و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد کە یاسایەک دەربکەن بۆ تاوانبارکردنی هاندان بۆ توندوتیژی و خوێنڕشتن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

ئاماژەی بە بەشداریکردنی مەزلووم عەبدی کرد لە کۆبوونەوەکەدا، کە تێیدا جەختی لە پابەندبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە چارەسەری ئاشتییانە و ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار و بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنیدا کردەوە.

لای خۆیەوە حامید ئەلفەرەج، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی تەبقە ڕایگەیاند، گفتوگۆی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا پشتیوانییەکی بەرفراوانی هەیە و ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی مانگەکانی ڕابردوو دەبنە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجام و ڕێککەوتنێکی نزیک لە نێوان هەردوولادا.

ئەلفەرەج دووپاتی کردەوە کە ساڵی ٢٠٢٦، وەک خۆی دەڵێت، دەبێتە "ساڵی سووریایەکی یەکگرتوو"، و داواشی کرد گفتوگۆ وەک بژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەر بەردەوام بێت.