پەیامی کورد...فەڕەنسا پێشوازی لە هەنگاوێکی حکومەتی لوبنان دەکات
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، پێشوازی لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ڕێکخستنی دارایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنانەوە کرد، کە بە "یاسای بۆشایی دارایی" ناسراوە.
بارۆ پێی وابوو ئەم هەنگاوە "قۆناغێکی یەکەمی بنەڕەتییە بەرەو گەڕانەوەی متمانەی گەلی لوبنان بە سیستەمی بانکیی وڵاتەکەیان".
ناوبراو جارێکی دیکە پشتگیریی فەڕەنسای بۆ "هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ گەڕاندنەوەی لوبنان بۆ سەر ڕێڕەوی سەقامگیری و بەهێزکردنی دەوڵەتی لوبنان" دووپات کردەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە پەسەندکردنی یاسای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن پەرلەمانەوە لە ١٨ی کانوونی یەکەمدا، لەگەڵ ئەو یاسایەی ڕێگە بە وەرگرتنی قەرزێک لە بانکی نێودەوڵەتی دەدات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی جەنگەوە وێران بوون، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی دەسەڵاتدارانی لوبنان و چینی سیاسییە بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.
هەروەها بارۆ جەختی لە پشتگیریی فەڕەنسا بۆ دامەزراوەکانی لوبنان کردەوە لە کارەکانیاندا "بە بڕیار و بەرپرسیارییەتییەوە" بۆ ئەوەی "یاسای بۆشایی دارایی" بە شێوەیەکی کۆتایی پەسەند بکرێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتیی پارە (IMF).
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە یەکلاکەرەوەن بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پشتگیریکردنی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و بەدیهێنانی بوژانەوەی ئابووری، و جارێکی دیکە پابەندبوونی فەڕەنسای بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕاگەیاند، هەر کە ئەو هەنگاوانە تەواو بوون.