پەیامی کورد ... شکاندنی پەراسوو ، لووت و دەستی هاووڵاتییەکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئێران
سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۲ ڕۆژ لە کاتی دەست بەسەرکرانی ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتی خەڵکی گوندی «گووێکتەپە»ی بۆکان، تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو نادیارە و لە یەکێک لە دەست بەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە و ئەشکەنجە دراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یادیار لەو بارەدا ڕایگەیاندووە کە ڕەسووڵ یادیار لە ماوەی دەست بەسەربوونی دا لەژێر ئەشکەنجە و فشاردا بووە، بەشێوەیەک کە لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانی د ا چەند پەراسووی شکاوە و لە بەشی دەست، لووت و چەناگەش بە سەختی بریندار کراوە.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی دۆخی سەختی جەستەیی بۆ ناوەندی دەرمانی دەست بەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای درێژەی بارودۆخی نالەباری جەستەیی دیسان بۆ دەستبەسەرگە گەڕێندراوەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەكەی هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ناوبراو لەژێر فشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان دا بوون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بارودۆخی دەست بەسەرکران و ئەشکەنجەدانی ئەو هاووڵاتییە میدیایی نەکەنەوە.