هەسەدە وەڵامدانەوەی "دەستدرێژییەکان" بۆ سەر دوو ناوچە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ڕاگەیاند

Dîroka Belavkirin :
هەسەدە وەڵامدانەوەی "دەستدرێژییەکان" بۆ سەر دوو ناوچە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ڕاگەیاند
پەیامی کورد- ڕەقە... هەسەدە وەڵامدانەوەی "دەستدرێژییەکان" بۆ سەر دوو ناوچە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ڕاگەیاند

هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە وەڵامی کۆمەڵێک دەستدرێژی داوەتەوە کە کرابوونە سەر دوو ناوچە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین لە گوندەواری حەلەب لەلایەن ئەو گرووپانەی کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریان، و چەندین برینداری لە ڕیزەکانیاندا لێکەوتووەتەوە.

هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند: "گرووپەکانی (سوڵتان موراد) و (سوڵتان سولەیمان شا/ عەمشات و حەمزات) کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی دیمەشقن، دەوروبەری ناوچەی نیشتەجێبوونی بەنداوی تشرینیان بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ کردووەتە ئامانج."

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، هەمان ئەو گرووپانە دەستدرێژییەکانیان دووبارە کردەوە و بە دوو فڕۆکەی خۆکوژی دیکە گردی 'سیریا تێڵ'یان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردە ئامانج."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو دوو هێرشەی لەلایەن ئەو گرووپانەوە ئەنجامدراون، هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزەکانی هەسەدەدا لێنەکەوتووەتەوە.

هەسەدە جەختی لەوەش کردەوە کە هێزەکانیان "وەڵامدانەوەی ڕەوا و ڕاستەوخۆیان بۆ سەر سەرچاوەی هەڵدانی فڕۆکە خۆکوژەکان ئەنجامداوە، بە شێوەیەک کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە جۆری (تۆیۆتا) و خاڵێکی سەربازیی سەر بەو گرووپانە کراونەتە ئامانج و بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان."