پەیامی کورد... ڕامی مەخلووف: غەزال غەزال عەلەوییەکان بەرەو تیاچوون دەبات
ڕامی مەخلووف، ئامۆزای بەشار ئەسەد، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەو ڕێگەیەی شێخ غەزال غەزال دەیگرێتەبەر، "تایفەی عەلەوی بەرەو تیاچوون و نادیار" دەبات.
مەخلووف لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "کەسانێک هەن تایفەی عەلەوی بەرەو نادیار دەبەن،" و داوای لە ئەندامانی تایفەی عەلەوی کرد متمانەی پێ بکەن.
گوتیشی: "تکایە متمانەم پێ بکەن، من ئامۆژگاریکەرێکی دڵسۆزم بۆتان،" و ڕوونیکردەوە کە "داواکردنی فیدراڵیزم بەبێ هێزێک کە بیپارێزێت، هیچ مانایەکی نییە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو ڕێگەیەی شێخ غەزال غەزال پەیڕەوی دەکات مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ئەو هێڵەی شێخەکە پێیدا دەڕوات مەترسیدارە و تایفەکە بەرەو تیاچوون دەبات، تکایە تایفەکە مەبەرە شوێنێک کە گەڕانەوەی نەبێت."
هەروەها گوتی: "عەلەوییەکان شەڕی گروپە تەکفیرییەکانیان کردووە و بۆ ماوەی شەست ساڵ حوکمی سوریایان کردووە، ئیتر چۆن دوای پیاوێکی ئایینی بکەوین؟"
ڕامی مەخلووف ڕوونیکردەوە: "تێدەگەم چۆن ناچار بووین چەک ڕادەست بکەین بەهۆی ئەو بێزاری و بارودۆخە خراپەی کە بەشاری شکستخواردوو تێی خستین."
ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلەوییەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە داهاتووی وڵاتدا دەبێت و گوتی: "ئێمە بەشداری دەکەین لە بەڕێوەبردنی سوریا و لە بنەڕەتییەکانی سوپای سوریا دەبین."
باسی لەوەش کرد: "لە کاتی دەسەڵاتی بەشاری شکستخواردوو و خێزانەکەیدا لە سوریا مامەوە تاوەکو لە تەنیشت ئێوە بمێنمەوە."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە پاڵپشتیکاری سەرەکییان ڕوسیایە و گوتی: "پشت و پەنا و هێزمان دەوڵەتی ڕوسیای فیدراڵە."