پەیامی کورد ... ترامپ دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزۆئێللا: هاوشێوەکانی مادۆرۆ بزانن کەستان پارێزراو نین، لە هەر کات و شوێنێک بمانەوێ ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکەین
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ووردەکاری ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزۆئێللا، باسی لەوە کرد کە ئۆپراسیۆنەکە بە بێ زیانی گیانی ئەنجام دراوە و ئێستا واشینتۆن بیر لە هەنگاوی داهاتوو دەکاتەوە سەبارەت بە سەرکردایەتی ڤەنزۆئێللا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی هەواڵ ، دۆناڵد ترامپ لە لێدوانەکانی ئەم دوایی یەدا ڕایگەیاند کە لە کاتی ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ چەند هێزێکی ئەمریکی برینداربوون، بەڵام ناوبراو ڕایگەیاندووە کە "کەس نەکوژراوە" و کاتی ئۆپراسیۆنەکەش "بە تەواوی گونجاوە".
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاربوو چوار ڕۆژ پێشتر ئۆپراسیۆنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا وایکردووە ئۆپراسیۆنەکە دوابخرێت. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مادۆرۆ لە کاتی دەستگیرکردن دا لە قەڵایەکی قەڵاداردا بووە و هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخانە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشینتۆن ناتوانێت مەترسی بکات و ڕێگە بە کەسێکی دیکە لە ڤەنزۆئێللا بدات بەردەوام بێت لەسەر هەمان ڕێگا کە بە ووتەی خۆی "مادورۆی پێش خۆی" گرتوویەتییەبەر. ترامپ زیادی کرد: ئێستا بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوو سەبارەت بە سەرکردایەتی ڤەنزۆئێللا دەدەین، هەفتەی ڕابردووش دەرفەتی تەسلیم بوون و دەست لەکارکشانەوەی لە دەسەڵات بۆ مادۆرۆ ڕەخساند، کە ئەویش ڕەتیکردەوە.