ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی سێقۆڵی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل ڕوون دەکاتەوە

Dîroka Belavkirin :
ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی سێقۆڵی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل ڕوون دەکاتەوە
پەیامی کورد... ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی سێقۆڵی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل ڕوون دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی هەریەکە لە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سووریا و ئیسرائیل)ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئەنجامی کۆبوونەوەی سووری-ئیسرائیلی لە پاریس ڕوون کراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سووریا ڕاگەیەندرا، کە دەقەکەی ئاماژە بە دامەزراندنی "شانەیەکی هاوبەش" دەکات بۆ هەماهەنگیکردنی چەند پرسێک، لەوانە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە چاودێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە. سەرکردایەتیکردنی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی بەرهەمدار، کە تەوەرەکانی بریتی بوون لە ڕێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیری سووریا، ئاسایشی ئیسرائیل، و خۆشگوزەرانی بۆ هەردوو وڵات."

هەروەها هاتووە: "ئیسرائیل و سووریا گەیشتنە پابەندبوونێک بۆ هەوڵدان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکخستنی هەمیشەیی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەردوو وڵات."

ڕوونیشیکردەوە کە "هەردوولا بڕیاریانداوە میکانیزمێکی تێکەڵاو/هەماهەنگی هاوبەش دروست بکەن، کە بریتییە لە شانەیەکی پەیوەندیی تایبەت، بۆ ئاسانکاری هەماهەنگی دەستبەجێ و بەردەوام سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، کەمکردنەوەی پەرەسەندنی سەربازی، تێوەگلانی دیپلۆماسی، و دەرفەتە بازرگانییەکان، ئەوەش لەژێر سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئەم میکانیزمە دەبێتە سەکۆیەک بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک بە خێرایی و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە تێگەیشتنی هەڵە."

ڕاگەیەندراوەکە بەوە کۆتایی هات: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستخۆشی لەم هەنگاوە ئەرێنییانە دەکات و جەخت لە پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی ئەم تێگەیشتنانە، لە چوارچێوەی هەوڵە فراوانەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کاتێک وڵاتانی خاوەن سەروەری بە شێوەیەکی ڕێزدارانە و بونیادنەرانە هاوکاری یەکتر دەکەن، خۆشگوزەرانی بەدی دێت."