پەیامی کورد- حەلەب... سەرچاوە حکوومییەکان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سنووردار ڕادەگەیەنن
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە حەلەب، ئەمڕۆ چوارشەممە، تێکشکاندنی یەکەمین هەوڵی دزەکردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سووریای بۆ ناو گەڕەکەکانی شێخ مهقسوود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا سەرچاوە حکوومییەکان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سنوورداریان لە حەلەب ڕاگەیاند.
ئاسایش وتی: "توانیمان یەکەمین هەوڵی دزەکردن بۆ سەر گردی کاستێلۆ لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆدا کە بە بەکارهێنانی تانک ئەنجامدرا، پووچەڵ بکەینەوە."
هەروەها وتیشی: "گروپە چەکدارەکانی حکوومەتی دیمەشق بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی گەڕەکە مەدەنییە ئارامەکان بە تۆپهاوێژ و تانک لە ناوچەکانی لێرامۆن، شێحان، سریان و ناوچەکانی دەوروبەری، کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو مەدەنی."
ئاسایش ڕوونیشیکردەوە: "هێرشبەرانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە چەکی قورس هێرش دەکەنە سەر شێخ مهقسوود و ئەشرەفییە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرگرییەکی توند دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە و پاراستنی گەڕەکەکان و دانیشتووانەکەی."
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەکی حکوومی بە میدیاکانی سووریای ڕاگەیاندووە کە "سوپای سووریا خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سنووردار لە حەلەب."
وێڕای ئەوەش وتی: "سوپای سووریا ئۆپەراسیۆنەکەی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات، لەگەڵ گواستنەوەی مەدەنییەکان و بەئامانجگرتنی گروپە چەکدارەکان، و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی ناوخۆیی و داواکاری جەماوەریی خەڵکی حەلەب ئەنجام دەدرێت".