پەیامی کورد... پەرلەمانتارێکی فەرەنسی داوا لە پاریس دەکات قورسایی دیپلۆماسی خۆی بۆ پاراستنی کورد لە سووریا بەکاربهێنێت
تۆماس پۆرتس، پەرلەمانتاری فەرەنسی، دوێنێ سێشەممە داوای لە پاریس کرد قورسایی دیپلۆماسی خۆی بۆ پاراستنی کورد لە سووریا بەکاربهێنێت، ئەمەش دوای ڕووداوەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب.
پۆرتس لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە بانگەوازێکی فەرمی ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا کردووە، بە بەشداری سەرۆکی کوتلە پەرلەمانییەکانی هەریەک لە "فەرەنسای سەرکەش" (LFI)، "سەوزەکان" و "کۆمۆنیستەکان"، کە تێیدا داوا لە فەرەنسا کراوە تەواوی قورسایی دیپلۆماسی خۆی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە سووریا بەکاربهێنێت.
پۆرتس وتی: "گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ماوەی حەوت ڕۆژە لەژێر گەمارۆدان، لەگەڵ بەردەوامی داخرانی ڕێگاکان و سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان."
وتیشی: "ئامارەکان دەریدەخەن کە لانیکەم ١٥٠ هەزار ئاوارە هەن، جگە لە سەدان کوژراو و بریندار."
ئەو پەرلەمانتارە فەرەنسییە ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٣٠٠ کورد دەستگیرکراون، لە کاتێکدا هەزاران مەدەنی لە ناو ئەو دوو گەڕەکەدا گیریان خواردووە، "چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوە قەدەغەیە و سوپای سووریا بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان، سەرەڕای ئەوەی هیچ توخمێکی چەکداری کورد لە ناو گەڕەکەکاندا نییە."
هەروەها وتی: "پێشێلکاریی گەورە تۆمارکراون، لەوانە سەپاندنی سەرانە (فیدیە) بەسەر مەدەنییەکاندا لە بەرامبەر ئازادکردنی کوردە دەستبەسەرکراوەکان"، داواشی لە فەرەنسا کرد ڕۆڵێکی کارا بگێڕێتەوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سووری-سووری و وەک زامنکەرێک بۆ چارەسەرێکی سیاسی کە ئاشتی بەدی بهێنێت کار بکات.