پەیامی کورد ... كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەركوتی ناڕەزایەتییەكان كەڵكی لە حەشدی شەعبی وەرگرتووە
ژمارەیەك سەرچاوەی ئەمنی و سەربازی ئاشكرایان كردووە كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ هاوكاری تاران لە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكاندا، چوونە نێو خاكی ئێران ەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی ڕایگەیاندووە، نزیكەی ٥٠٠٠ چەكداری میلیشیا دەستڕۆیشتووەكان لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی “شیب” لە میسان و “زرباتیە” لە واستەوە چوونەتە ناو ئێران.
هاوكات سەرچاوەیەكی سەربازی ئەورووپی ئاماژەی بەوە كردووە، ٨٠٠ چەكداری دیكە لە پارێزگاكانی دیالە و بەسڕەوە، بە بیانووی “زیارەتی ئایینی” بۆ هەمان مەبەست ڕەوانە كراون.
ئەو گرووپانەی ناویان هاتووە بریتین لە: كەتائیبی حیزبۆڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، كەتائیبی سەیدۆلشۆهەدا و ڕێكخراوی بەدر.
بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەكان، ئێستا ئەو چەكدارانە لە چەندین شوێنی هەستیاری وەك شاری هەمەدان بڵاو كراونەتەوە.
پەنابردنی تاران بۆ چەكداری بیانی، وەك ستراتیژییەكی ئەمنی لێك دەدرێتەوە بۆ ڕێگریكردن لە هەر ئەگەرێكی “هاوسۆزی”ی نێوان هێزە ئەمنییە ناوخۆیی یەكانی ئێران و خۆپێشاندەران. ئەم هەنگاوە دوای سێ حەفتە لە بەردەوامی خۆپێشاندانە تووندوتیژەكانی ناوخۆی ئێران دێ.