پەیامی کورد... هەسەدە گیانلەدەستدانی چەند شەڕڤانێکی لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت لە گوندەواری ڕەقە ڕاگەیاند
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە حکومەتی کاتیی سووریا ئەو ڕێککەوتنەی کە بە چاودێریی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنە لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب واژۆ کرابوو، پێشێل کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ناوچەی دەبسی عەفنان لە ڕۆژئاوای ڕەقە پێکدادان ڕوویداوە و بەهۆیەوە چەند شەڕڤانێک گیانیان لەدەستداوە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا وتی: "پێکدادانەکان لە ناوچەی دەبسی عەفنان لە ڕۆژئاوای ڕەقە دوای ئەوە ڕوویدا کە گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی هێزەکانمان، ئەمەش وەک غەدرێک و پێشێلکارییەکی ڕوونی ئەو ڕێککەوتنەیە کە بە چاودێری نێودەوڵەتی کراوە."
هەروەها زیادی کرد کە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق و بە چاودێری نێودەوڵەتی بووە، کە تێیدا هاتبوو ئاگربەست ڕابگەیەنرێت و مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێر بدرێت بە هێزەکانی هەسەدە بۆ کشانەوە لە شارۆچکەکانی دێر حافر و مەسکەنە. بەڵام "حکومەتی دیمەشق پێش تەواوبوونی کاتی کشانەوەکە، کاروانی سەربازی و چەکی قورس و تانکی بردووەتە ناوچەکە و هێرشی کردووەتە سەر شەڕڤانانمان، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لەوان."
هێزەکانی سووریای دیموکرات لایەنە نێودەوڵەتییە چاودێرەکانی ڕێککەوتنەکەی بە بەرپرسیار زانی لەو ڕووداوانە و وتی: "ئێمە ئەو لایەنانەی ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە و غەدریان لە هێزەکانمان کردووە، بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم گرژییانە دەزانین. هەروەها هێزە نێودەوڵەتییە چاودێرەکانیش بە بەرپرسیار دەزانین و داوایان لێدەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و ڕێگری لە خراپتربوونی دۆخەکە."