دەسەڵاتی دادوەری شەڕی دژی خۆپیشاندەران ڕاگەیاند؛ بەڵێن بێ "تووندترین سزای ئیسلامی" ئەنجام بدەین
ووتەبێژی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بە زمانێكی هەڕەشەئامێز ڕایگەیاند کە ئەوانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دا دەست بەسەر کراون ڕووبەڕووی “تووندترین سزای ئیسلامی” دەبنەوە. ئەسغەر جەهانگیر ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، ئەوانەی کە بە ووتەی ئەو "دوژمنکارن" بەبێ نەرمی ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
ئەو بە دووپات کردنەوەی چەند جاری بەڵێن بێ "سزای زۆر تووند"، جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراو "لە کورتترین ماوەدا" سزایان بۆ دەردەچێ و، بە ئاماژەدان بەوەی کە "دادوەرەکانمان دەستیان کراوەیە"، داوای کرد ڕێگری لە دواکەوتنی دانیشتنەکان بکرێت؛ لێدوانێك کە نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە دەرکردنی سزای بەپەلە و دوور لە چوارچێوەی دادوەری زیاتر کردووە.
جەهانگیر هەروەها، بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگە و سەنەدێك، ڕایگەیاند کە "لە ناو دەستگیرکراوەکان دا، کەسانێک دەستنیشان کراون کە پەیوەندییان بە مووسادەوە هەیە"؛ بانگەشەیەکی دووبارەبووەوە کە پێشتر چەندین جار بۆ پاساو هێنانەوە بۆ سەرکوت کردن و دەرکردنی سزای قورس لە دژی خۆپیشاندەران کراوە.