ئەلمۆنیتەر : شەرع بەڵێنی بە ترامپ داوە کە ناچێتە ناو حەسەکە

Dîroka Belavkirin :
ئەلمۆنیتەر : شەرع بەڵێنی بە ترامپ داوە کە ناچێتە ناو حەسەکە
  • ئەلمۆنیتەر : شەرع بەڵێنی بە ترامپ داوە کە ناچێتە ناو حەسەکە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەلمۆنیتەر، دۆناڵد ترامپ بەڵێنی مسۆگەری لە سەرۆکی سووریا وەرگرتووە کە هێزەکانیان نەچنە ناو شاری حەسەکە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان مەزڵووم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع بەهۆی مەرجی تەسلیم بوونی تەواوەتی کوردەوە، گەیشتوونەتە بنبەست و شکست دەهێنن.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە زاری سەرچاوەی باڵاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترامپ بەڵێنی لە سەرۆکی سووریا وەرگرتووە کە هێزەکانیان نەچنە ناو شاری حەسەکەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، هاوکات بەرپرسێکی کورد دەڵێت دیمەشق داوای تەسلیم بوونی تەواوەتی دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، ترامپ داوای کردووە توندوتیژییەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆتایی یان پێ بێت.

سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاندووە، سەرەڕای پێشڕەویی یەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ نزیک شاری حەسەکە، ترامپ بەڵێنێکی مسۆگەری لە شەرع وەرگرتووە کە هێزەکانیان نەچنە ناو شارەکەوە.

ئەلمۆنیتەر باسی لەوەش کردووە، پەیوەندییەکە دوای کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، هات بۆ کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوە نەچووە.

فۆزا یووسف، بەرپرسی باڵای کورد بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە، دیمەشق داوای تەسلیم بوونی یەکجاری کورد دەکات.

سەرچاوەکانی ئەلمۆنیتەر دەڵێن، شەرع لە کۆبوونەوەکەدا مەرجی نوێی سەپاندووە، لەوانە ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی شاری حەسەکە، بەڵام مەزڵووم عەبدی ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەقی ئاگربەستەکە ڕۆژی یەکشەممە واژوو کراوە کە مەزلووم کۆبانێ بە شێوەی ئۆنلاین واژووی کردبوو و سازشی زیاتر قبووڵ ناکەن.

دووشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن قسەی کرد.

بە گوێرەی ڕاگەێندراوی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرینگی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سووریا کردەوە و پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە ووڵاتەکەدا.

یەکێک لە تەوەرە هەرە گرینگەکانی گفتوگۆکە، تایبەت بوو بە پرسی کورد لە سووریا. لەم بارەیەوە، هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر "پێویستی مسۆگەرکردنی مافەکان و پاراستنی گەلی کورد، لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی "داعش" و کۆتایی هێنان بەو هەڕەشانەی تیرۆر درووستی دەکات.

هەروەها ترامپ و شەرع، خواستی هاوبەشی خۆیان بۆ بینینی "سووریایەکی بەهێز و یەکگرتوو" دەربڕی، کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی هەبێت.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی کرا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرینگی پێدانی دەرفەتێکی نوێ بە سووریا بۆ ئەوەی بەرەو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاو بنێت.