12 کەس لە رووداوێکی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی قەتەریدا برینداردەبن

12 کەس لە رووداوێکی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی قەتەریدا برینداردەبن

بەهۆی گێژاوی ئاسمانەوە کە فڕۆکەکان هەندێک جار تووشی دەبن، 12 کەس لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی قەتەریدا برینداردەبن.

رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، هێڵی ئاسمانیی قەتەری رایگەیاند، فڕۆکەیەکیان کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی دوبلین فڕیوە، لە رێڕەوەکەیدا دووچاری گێژاو بووەتەوە و بەهۆیەوە لە ئاسماندا 12 سەرنشین برینداربوون.

هێڵە ئاسمانییەکە ئەوەی روونکردووەتەوە، فڕۆکەکە لە کاتی خۆیدا نیشتووەتەوە و دووچاری هیچ کێشەیەکی گەورە نەبووەتەوە.

گێژاو دۆخێکی تایبەتە کە فڕۆکەکان لە ئاسماندا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پەستانی هەواوە دووچاری دێن.

لە زمانی ئینگلیزیدا بەو دۆخە دەوترت تێربڵانس. گەشتی QR017 کە بە فڕۆکەی بۆینگ 787ی دریم لاینەر کرابوو، کاژێر 1ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی دوبلینی ئێرلەندا کۆتاییهات و فڕۆکەکە بە پارێزراوی نیشتووەتەوە.

فڕۆکەخانەی دوبلین باسی لەوەکردووە، لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەدا تیمەکانی فریاگوزارییان بە هانای فڕۆکەکەوە چوون و 6 سەرنشین و 6 خزمەتکاری فڕۆکە برینداربوون.

باسی لەوەشکردووە، گێژاوەکەیان لەسەر ئاسمانی تورکیا تووشبووە.

بە گوێرەی میدیای ئێرلەندی، گێژاوەکە کەمتر لە 20 چرکەی خایاندووە و لەکاتی دابەشکردنی خواردن و خواردنەوە بووە لە فڕۆکەکەدا.

بە شێوەیەکی گشتی لەو کاتەدا سەرنشینەکان ئازادن لەوەی پشتێنی گیانپارێزییان لە فڕۆکەکەدا بکەنەوە.

رووداوی گێژاوی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی قەتەری تەنیا دوای 5 رۆژ لە رووداوی گێژاوی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سەنگاپوور دێت کە لەندەنەوە بەرەو سەنگاپوور بەڕێکەوتبوو.

فڕۆکەکە ناچار بوو لە فڕۆکەخانەی بانگکۆکی تایلاند بنیشێتەوە. بەهۆی ئەو رووداوەوە لانیکەم 20 کەس برینداربوون و پیاوێکی بەریتانیی تەمەن 73 ساڵیش گیانی لەدەستدا.

ئەم بابەتە 44211 جار خوێندراوەتەوە