پەیامی کورد... لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش 43 هەزار و 556 کەس گیانیان لەدەستداوە
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند: "بەپێی دوا زانیارییەکان ژمارەی ئەوکەسانەی لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 43 هەزار و 556 کەس".
سۆیڵو لە میانی بەشداریکردن لە پەخشی راستەوخۆی "TRT Haber" لە ناوەندی هەماهەنگیی کارەساتەکان لە هاتای ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە لە رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکاندا جیاکاری بە ناوچە کارەساتبارەکان کرابێت و گوتی: "راست نییە نزیکەی 313 هەزار خیوەت لە ناوچەکە دابەش کراوە و زۆربەی خیوەتەکانیش رەوانەی هاتای کراون"، ئەو دەنگۆیانەیشی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە هەوڵ دەدرێت پێکهاتەی دیمۆگرافی هاتای بگۆڕدرێت.
وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە تەواوای تواناکان خراونەتە گەڕ بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان. سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە بەپێی دوا زانیارییەکان ژمارەی ئەوکەسانەی لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 43 هەزار و 556 کەس.
سۆیڵو جەختی لەوە کردەوە کە لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کەموکوڕی لە بونیادنانی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە داڕووخاون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە تاکوو ئێستا 564 تۆمەتبار دەستنیشان کراون، گوتی: "160یان دەستبەسەر کراون، 175یان بە مەرجی دادوەریی ئازاد کراون، 18 کەسیان بە دەستگیرکراوی ماونەتەوە، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی دیکە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە