كێشەی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش، چارە كرا

كێشەی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش، چارە كرا

كێشەی كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە شەھیدەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش چارە كرا و، ئەندامێكی فڕاكسیۆنی پارتییش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، "ھەر لای ئێمە وەزیری پێشمەرگە بەڵێنی ئەوەی وەرگرت كە پاشەكەوت لە مووچەكانیاندا ناكرێت."

حەیات مەجید، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند، "لەگەڵ پەرلەمانتار كەژاڵ ھادی، سەردانی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، كەریم شنگالیمان  كرد لەبارەی بەدواداچوون و چارەكردنی پرسی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ئەوەمان بە وەزیری پێشمەرگە گەیاند، كە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان لەم رەوشەدا ناتوانن بەو مووچەوە بژین و ناكرێت پاشەكەوت لە مووچەكەیاندا بكرێت، چونكە زۆربەیان باری ژیانیان باش نییە و كرێچین".

لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، ١٨٠٠ پێشمەرگە و ئەندامانی ھێزەكانی ناوخۆ شەھید بوون و، بە ھەزارانیش بریندار بوونە.

حەیات مەجید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ھەر لای ئێمە وەزیری پێشمەرگە پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندارەوە كرد و وەڵامەكەیشی وەرگرتەوە كە بە ھیچ شێوەیەك پاشەكەوت مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش ناگرێتەوە و، دڵنیایی ئەوەی پێ داوین كە تەنھا نووسراوێك ئاڕاستەی دارایی دەكرێت و ئیدی كێشەی كەمكردنەوەی مووچەكانیان كۆتایی ھات".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە