عێراق.. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا 63 کەس لەسێدارە دراون

عێراق.. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا 63 کەس لەسێدارە دراون

 

ڕێکخراوێکی عێراقیی ڕایدەگەیەنێت،"لە چەند هەفتەی رابردوودا عێراق لانیکەم 63 کەسی لەسێدارە داوە و سزاکانیش بەپێی ئەو دانپێدانانە بووە، کە لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون".

ڕوانگەی ئافاد (AFADA)، ڕێکخراوێکی عێراقیی تایبەت بە دۆسییەکانی مافی مرۆڤ و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە،"لە چەند هەفتەی رابردوودا و بەشێوەیەکی رانەگەیێندراو، دەسەڵاتدارانی عێراق لە گرتووخانەی حوت لە ناسرییە 63 کەسیان لەسێدارە داوە".

باس لەوەش كراوە،"هەموو دادگاییکردنەکان مەرجەکانی دادپەروەریی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تێدا نییە و دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجە وەرگیراون".

ئەوەش خراوەتە ڕوو،"بڕیاری لەسێدارەدانەکان بە ئاگاداری و فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بووە، لە دوو مانگی رابردوو لەسێدارەدانەکان زیادیانکردووە و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ خەڵکی تێیدا لەسێدارە دەدرێت و بەدیاریکراویش ئەوانەی لەسێدارەدەرێن تۆمەتی تیرۆریان هەیە".

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە،"ئەوانەی لەم چەند هەفتەی رابردوو لەسێدارە دراون لەساڵانی 2007 و 2008ـەوە بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە و چەند جارێک داواکاریی ستەملێکراویان پێشكەشكردووە و بێبەریبوونی خۆیان راگەیاندووە".

هەروەها هاتووە،"ئەوانەی لەسێدارەدراون بەشی زۆریان لە پارێزگای سەڵاحەدینن کە 32 کەسن، لەنێویاندا دوو برا هەن، کەسێکیش لەسێدارە دراوە 74 ساڵ دەبێت و خەڵکی تکریتە و لە گرتووخانەیەکی دیکەدا 16 ساڵ زیندانی بووە".

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە، تەرمی کەسێکی دیکە کە خەڵکی رومادی لە پارێزگای ئەنبار بووە دراوەتەوە کەسوکارەکەی، پێشتر راپۆرتی تەندروستیی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی سەلماندبوو ئەشکەنجە دراوە، لە ساڵی 2018 لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرایەوە و راپۆرتەکە پەراوێزخرا، سەرەتای ئەم مانگە لەسێدارە درا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە