بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەینێت، کە دەبێ حاکم شێخ لەتیفی پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان سکاڵای لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستانەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی خستوویەتییە پاڵ پێشمەرگە تۆمار بکرێت.
پاش ئەوەی حاکم شێخ لەتیف کە یەکێکە لە بەرپرسانی گۆڕان، چەندان قسەی لەبارەی پێشمەرگەوە کرد و ڕایگەیاند کە پێشمەرگە نەک دەنگەکەی، بەڵکوو خۆشی ”دەبێ هەڵوەشێتەوە“.
جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕاندا ڕایگەیاند: ”ئەو تانە لەسەر ئەوە دەدا کە پێشمەرگە بۆ پاراستنی کوردستانە، بەڵام کوردستانیش ناپارێزێت، باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی کە ئەو قسانە ڕاست نین، ئەوەیەکە پێشمەرگە کوردستانی لە ھێرشەکانی داعش پاراست و نەیھێشت بە ھیچ شێوەیەک خاکی کوردستان داگیر بکرێت“.
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە روو، کە پێشمەرگە بە ھیچ شێوەیەک دەستوەردانی لە کاروباری سیاسی نەکردووە، ئەوەشی بە بەڵگە ھێنایەوە، کە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٢، گۆڕان لە ناوچەی سلێمانی کورسی زۆریان ھێنا و ھاتنە حکوومەتەوە، ئەگەر دەستوەردانی پێشمەرگە ھەبووایە ئەوکاتە لە گۆڕانیان قبوڵ نەدەکرد، لەگەڵ ھەموو حزبەکان ھەم پێشمەرگە تەسلیمی ئەمری واقیعی دەنگەکانی جەماوەر بوون.
ئاشکراشی کرد، کە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی ڕێکخراوە، زیاتر لە شەش لیوا لە ناوە وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکخراوە لە ناو ئەوانەشدا خەڵکی سەربە لایەنەکانی دیکە ھەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگی حزبەکانی دیکەی وەک یەکگرتوو، کۆمەڵ و گۆران و ھەموو لایەنەکانەوە ھەیە، بۆیە ئەگەر میلیشیا بوایە بواریان بەوانە نەدەدا دەنگیان ھەبێ.
جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی سەرجەم قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان،گوتیشی: ”بێگومان قسەکانی ڕەوا نییە، حەق وایە سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت، چونکە ئەو دوو قسەی نەشیاو دەکات، لەلایەک دەڵێ فرۆکەی ھاوپەیمانان قەسفی کردووە و پێشمەرگە سێڵفی گرتووە، باشە ئەگەر وایە، ئەی ئەو ھەزار و ٢٠٠ شەھید و چوار ھەزار برینارەمان ھەیە، ئەگەر لە شەڕدا نەبووە، ئەی ئەمانە لەکوێ شەھید بوون؟. لەلایەکی دیکەشەوە دەڵێ ژمارەی پێشمەرگە ٥٠ ھەزار کەس نابێ و مووچەی ٣٥٠ ھەزار کەس وەردەگرن، سەرەڕای ئەوەی ئەو قسەیە بنەمای نییە، ئەوا حەق وایە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن، چونکە ھێزەکان بە ژمارە و بە پێی یاسا ڕێکخراون و مووچەکانیان وەرەگرن لەگەڵ ئەوەشدا ھەر کەسێک بە واژۆی خۆی مووچە وەردەگرێت“.
ئاماژەی بەوەش دا، کە تەنیا پێشمەرگەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کە زێرەڤانی و بەرگرین نزیکەی ٧٠ ھەزار کەسن، بۆیە دەپرسێت، کە ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەم ژمارانەی لە کوێ ھێناوە؟، لەکاتێکدا ”ئەو کەسێکی یاساییە و دکتۆراکەی لە دەستووردایە، چۆن بە بێ بەڵگە وا بە پێشمەرگە دەڵێت؟“.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ سکاڵا لەسەر ئەم قسانە تۆمار دەکەن؟ بڕیکارەکەی وەزیری ناوخۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ناتوانێت لەبری پێشمەرگە داوا تۆمار بکات، بەڵام ”پێویستە کە یەکەی ٧٠ و ٨٠ و وەزارەتی پێشمەرگە ئەو داوایەی لەسەر تۆمار بکەن“.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە