پەیامی کورد … لە بەرەبەرەی ڕۆژی زمانی دایکی سەپاندنی سزای بەندکران بە سەر زارا محەمەدی شەرمەزار کرا
لە بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک،ی چالاکانی مەدەنیی پارێزگای سنە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نۆژین، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، گردبوونەوەکە بۆ سەرکۆنەکردنی سەپاندنی سزای پێنج ساڵ زیندانی بوو بەسەر زارا محەممەدی. ئەو چالاکڤانەی بە گوتەی خۆی بە هۆی برەودان بە زمانی کوردی ئەو سزایە دراوە.
گردبوونەوەکە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی دادی شاری سنەدا بوو. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئامادەبووان لافیتەی تایبەت بە رۆژی زمانی دایک و بەرگری لە زمانی کوردییان هەڵگرتبوو، هاوکات بەشێوەی بێدەنگ ئیدانەی سزای پێنج ساڵ زیندانی زارا محەممەدییان کرد. زارا محەممەدی خۆی بەشداری گردبوونەوەکە بوو.
زارا محەممەدی لە بوارەکانی کولتووری، مەدەنی و ژینگەپارێزییدا چالاکە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نۆژین بووە کە یەکێک لە چالاکییەکانی فێرکاری زمانی کوردییە. ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین ساڵی 2017 دامەزرا. زارا 10 ساڵ وانەی کوردی بە فێرخوازان وتووەتەوە.
دوای ئەوە لە ساڵی 2020 لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی دادی سنەوە، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. زارا محەممەدی تانەی لەو سزایە دا، بەڵام هەفتەی رابردوو رایگەیاند؛ بەپێی دوایین سزای پەسندکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای سنەوە 5 ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە.
زارا محەممەدی پاییزی 2017 لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ زیانمەندانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان بەشدار بوو نەورۆزی 2019 ـەش لە شاری مەعمولان لە پارێزگای لوڕستان، یارمەتی گەیاندە خەڵکی لافاو لێدراو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە