یەکەم کەشتی هاوکاری نەوتی کوەیت بۆ دابین کردنی کارەبای عێراق ئەمڕۆ دەگاتە بەندەری بەسرە

یەکەم کەشتی هاوکاری نەوتی کوەیت بۆ دابین کردنی کارەبای عێراق ئەمڕۆ دەگاتە بەندەری بەسرە

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، کوەیت بڕیاریداوە سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانەی کارەبا لە عێراق دابین بکات کە لەکارکردندا وەستاون.

" موسعەب مودەریس " ووتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە " میری کوەیت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح فەرمانی داوە بە وەزارەتی کارەبای کوەیت بۆ دابینکردنی گازوائیل بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق بۆ کارپێکردنەوەی وێستگە وەستاوەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو یەکانەی کار دەکەن".

دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق لە لایەن کوەیتەوە دوای ئەوە دێت ئێران بڕیاریدا کارکردن بەو گرێبەستە ڕابگرێت کە پێشتر لەگەڵ عێراق واژووی کردبوو بۆ پێدانی هەزارو ٢٠٠ مێگاوات کارەبا.

ووتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرایشی کردووە کە ئەمڕۆ شەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگری کوەیتی کە بڕی ٣٠ هەزار مەترسێجا گازوائیلی هەڵگرتووە وەک قۆناغی یەکەم دەگاتە بەندەری بەسرە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕی دیکەش دەگاتە عێراق.

هەروەها ووتەبێژ بەناوی وەزیری کارەبای عێراقەوە ، مۆحەمەد فەتحی ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکەیان هەوڵەکانی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ چڕکردووەتەوە بە مەبەستی چارەسەکردنی قەیرانی کارەبا لەهەردوو بواری وزە و دابینکردنی وزەی کارەبا.

فەتحی ڕوونیکردووەتەوە کە وەزارەتی کارەبا بە هەموو توانایەکییەوە کار دەکات بۆ کارپێکردنەوەی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و بەرزکردنەوەی تێکڕای بەرهەمهێنان بۆ کەمکردنەوەی بچڕانی کاتژمێرەکانی کارەبا.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە