پەیامی کورد... بایدن داوای 106 ملیار دۆلار دەكات بۆ جەنگی ئۆكرانیاو غەززە
كۆشكی سپی داوای لە كۆنگرێسی ئەمریكا كرد كە نزیكەی (106) ملیار دۆلار بۆ دابینكردنی دارایی بەرنامەكانی پەیوەست بە ئۆكرانیاو ئیسرائیل و ئاسایشی سنوورەكانی ئەمریكا تەرخان بكات.
داواكارییەكەی (جۆو بایدن) سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەم بودجەیە دوای چەند ڕۆژێك لە سەردانەكەی بۆ ئیسرائیلە كە بۆ پێشاندانی هاوسۆزی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل گەشتی بۆ ئەو وڵاتە كردبوو.
بایدن هیوادارە بۆ دابینكردنی بودجە بۆ شەڕی ئۆكرانیا، ئاسایشی سنوورەكان، یارمەتی پەنابەران، ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی چین و ئەولەویەتەكانی دیكەی ئەمنی، بتوانێت بودجەی ئاسایشی نیشتمانی لە كۆنگرێسدا پەسەند بكات.
ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، (3) ی ئەم مانگە (كیڤن مەكارتی) لە پارتی كۆمارییەكانیان لە سەرۆكایەتی ئەو ئەنجوومەنە دوورخستەوەو تا ئێستا جێنشینەكەی هەڵنەبژێردراوە.
(جیم جۆردن) كە لەلایەن كۆمەڵێك نوێنەری كۆمارییەكان كاندید كراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە، جارێكی دیكە لە خولی سێیەمی دەنگداندا شكستی هێناو نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.
بەشێك لە نوێنەرانی پارتی كۆماری بەرامبەر بەردەوامبوونی هاوكارییە داراییەكان بۆ ئۆكرانیا ڕەشبینن و بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە خەرجی و قەرزەكانی حكومەت، لە رێگای پەسەند نەكردنی بودجەوە، هەڕەشەی داخستنی حكومەتی ئەمریكایان كردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە