پەیامی کورد... بەهۆی لافاوەوە لە چین ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا
لە ئەنجامی بارینی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە لە هەرێمی چونگچینگ لە باشوری خۆرئاوای چین ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکە بێ سەروشوێن بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی فەرمی هەواڵی شینخوای چینی لە زاری بەرپرسانی باڵای ناوخۆییەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بارینی ئەو بارانە بەخوڕەی رووی لە هەرێمی چونگچینگ لە باشوری رۆژئاوای ئەو وڵاتەکردووە ١٥ کەس گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکە بێ سەروشوێن بوون.
لەلایەن خۆیەوە، شی جین پینگ سەرۆکی چین سەرجەم فەرمانگە و لایەن پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە تەواوی تواناکانیان بخەنەگەڕ بە ئامانجی پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە.
بەهۆی باران و لافاوەکەوە، دوێنێ سێشەممە بەشێک لە هێڵێ ئاسنی هەرێمەکە لەکارکەوت و تیمەکانی فریاگوزاری و چاککردنەوە سەرقاڵی بەگەڕخستنەوەی هێڵەکەن کە دانیشتوانەکەی ٣١ ملیۆن کەسە.
هەروەها، بەهۆی لافاوەکەوە لە هەرێمی سیشوان ٤٦٠ هەزار هاوڵاتی زیانیان پێگەیشتووە و نزیکەی ٨٥ هەزار هاوڵاتیش ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە کەشناسی چین هۆشداریدا لە بارینی بارانێکی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە