بەریتانیا چیدیکە کۆچبەری نایاسایی وەرناگرێت

بەریتانیا چیدیکە کۆچبەری نایاسایی وەرناگرێت

پەیامی کورد... بەریتانیا چیدیکە کۆچبەری نایاسایی وەرناگرێت


رۆژانە چەندین بەلەم بە رێگەیەکی مەترسیداردا لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا و بەشێک لە کۆچبەرەکانیش مافی مانەوە وەردەگرن، بەڵام بە گوێرەی یاسایەکی نوێی حکومەتی ئەو وڵاتە، لەمەودوا هەر کۆچبەرێک بە رێگەی ئاوییەوە بچێتە بەریتانیا، حکومەت مافی مانەوەی پێنادات.

لەمبارەیەوە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رووی دەمی لە کۆچبەران کرد و رایگەیاند: "ئەگەر تۆ بە نایاسایی بێیت بۆ ئێرە، ئەوا ناتوانیت بمێنیتەوە. دەستبەسەر دەکرێیت و دەگەڕێنرێیتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوویت یان بۆ شوێنی پارێزراوی وەکو رواندا دەتنێرین. ئەم سیستمە بە کاریگەری کاری خۆی دەکات و هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی کۆتایی پێدەهێنێت."

یاساکە رێگە بە وەزارەتی نێوخۆ دەدات کۆمەڵێک رێکار بەرامبەر کۆچبەران بگرێتەبەر. بۆ نموونە، ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەچنە بەریتانیا رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە یان دەنێردرێنە رواندا.

هەر کەسێکیش دەربکرێت، مافی ئەوەی نییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەریتانیا ،بەشێکی رێکخراوەکانی بەریتانیا رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن و دەڵێن، دەبێت رێگەیەکی باشتری یاسایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان دابنرێت.

لای خۆیەوە نیک بەیلس، سەرۆکی کامپەینی هاوکاریکردنی پەنابەران دەڵێت، "ئەم یاسا نوێیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاریگەری لەسەر ژمارەی هاتنی کۆچبەران نابێت. ئەگەر حکومەت ئامانجی سەلامەتی کۆچبەرانە بە ئاودا نەپەڕنەوە، دەبێت رێگەی دیکەیان بۆ دابین بکات و سیستمی گونجاوی وەرگرتنی کۆچبەران دابنێت."

جێی باسە لە 2022دا 45 هەزار کۆچبەر بە بەلەم پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ئەوەش 60٪ زیاترە لە تەواوی ئەو کۆچبەرانەی لە 2021دا چوونەتە ئەو وڵاتە. تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا دوو هەزار و 950 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا، واتە رۆژانە تێکڕا 50 کۆچبەر پەڕیونەتەوە.

چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی ناوچەکانی کالێ ـی فەرەنسا بۆ دۆڤەر یان دەنکیرک بۆ دۆڤەرە.

بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، 14.5٪ـی دانیشتووانی بەریتانیا بیانین. ژمارەی بیانییەکان 9.9 ملیۆن کەسن لە دانیشتووانە 68 ملیۆن کەسەکەی بەریتانیا. زۆرینەی ئەو 9.9 ملیۆن کەسەش، هیندستانی، پۆڵەندی و پاکستانین.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە