بایدن زنجیرە سزایەکی بەسەر ڕووسیا سەپاند

بایدن زنجیرە سزایەکی بەسەر ڕووسیا سەپاند

پەیامی کورد... بایدن زنجیرە سزایەکی بەسەر ڕووسیا سەپاند

سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر ناساندنی هەرێمەکانی دۆنتیسک و لوهانسکی ئۆکراینا وەک دوو هەرێمی سەربەخۆ، چوار سزای نوێی بەسەر ڕووسیادا سەپاند، کە قەرزە دەرەکییەکانی ڕووسیا و هێڵی نۆرد ستریم دووی غازی سروشتی و بەرپرسانی باڵا و سەرمایەدارانی ڕووسیا دەکاتە ئامانج.

(جۆو بایدن) سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە کۆشکی سپی، زنجیرە سزا نوێیەکانی ئەمریکای دژی ڕووسیا ڕاگەیاند.

 

بایدن ڕایگەیاند: بەشی یەکەمی سزاکان ڕادەگەیەنم وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکانی ڕووسیا لەدژی ئۆکراینا، ئەم سزایانە لەنزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان ڕێکخراوە و ئەگەر ڕووسیا بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا، ئەوا سزای دیکەی بەدوادا دێت.

سزاکانی ئەمریکا بۆ ڕووسیا لە چوار خاڵ پێکهاتوون، کە بریتین لەمانەی خوارەوە...

1. بلۆککردنی بانکی VEB و بانکی سەربازی ڕووسیا.

2. ڕاگرتنی پێدانی قەرز بە ڕووسیا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە.

3. سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی باڵای ڕووسیا و خانەوادە سەرمایەدارەکانی ئەو وڵاتە.

4. ڕاگرتنی پرۆژەی هێڵی نۆرد ستریم دووی غازی سروشتی ڕووسیا بۆ ئەڵمانیا.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیشی کردەوە، کە سەرۆکی ڕووسیا بەئاشکرا هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگ دەکات تا ئەو کاتەی داواکارییە تووندەکانی جێبەجێ دەکرێن، وتیشی: گومانی تێدا نییە ڕووسیا ئاگرێکی سوورە دژی ئۆکراینا.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر (ڤلادیمیر پۆتین) ی سەرۆکی ڕووسیا هەرێمەکانی دۆنتیسک و لوهانسکی ئۆکراینای وەک هەرێمی سەربەخۆ ناساند، ئەوەش تووڕەیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بەدوای خۆیدا هێنا.

لەلایەن خۆشییەوە (جۆزێپ بۆرێڵ) نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە فەرەنسا ڕایگەیاند: دوای بەفەرمی ناساندنی هەرێمە جوداخوازەکانی دونیتسک و لۆهانسک لەلایەن پووتینەوە، ئەمڕۆ یەکێتی ئەورووپا سزا بەسەر ئەو دوو هەرێمەدا دەسەپێنێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە