پەیامی کورد... رووسیا: "شاری سۆلێدار سەربە ناوچەی دۆنێتسک-مان بەتەواوی کۆنترۆڵ کرد"
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە دوێنێ شاری سۆلێدار سەر بە ناوچەی دۆنێتسک-یان بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ سەبارەت بە چالاکییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە شەڕی ئۆکراینادا دوا.
سەبارەت بە دۆخی شاری سۆلێدار سەربە ناوچەی دۆنێتسک، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ وتی: "ئێوارەی رۆژی ١٢ی کانوونی دووەم، شاری سۆلێدار کە بۆ بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکان بە ئاراستەی دۆنێتسک گرنگی خۆی هەیە، بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا".
کۆناشێنکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بە کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکە رێڕەوی سەربازانی ئۆکرانیا لە شاری بەخموت لە باشووری خۆرئاوا دەگیرێت و بەمەش هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا گەمارۆ دەدرێن، راشیگەیاند کە شارەکە لە رێگەی هێرشی بەردەوامی هێزەکانی رووسیا بۆسەر پێگەکانی ئۆکراینا توانرا کۆنترۆڵ بکرێت.
وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە ئاماژەدان بەوەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا سێ فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەرێکی ئۆکراینا خراوەتە خوارەوە، رایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی رووسیا نۆ مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە رێگەی سیستەمی مووشەکیی HIMARS، OIha، Uragan ئاڕاستەکرابوون.
کۆناشێنکۆڤ هەروەها روونی کردەوە کە سەربازانی رووسیا دەستیان بەسەر بەرزاییە گرنگەکانی شارەکەدا گرتووە و لە باکوور و باشوورەوە شارەکەیان گەمارۆ داوە.
راشیگەیاند: "ئەو چالاکییانەی کە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی رووسیا ئەنجامدران، بوونە رێگەخۆشکەرێک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانی رزگارکردنی شاری سۆلێدار. لە ماوەی تەنها سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٧٠٠ سەربازی ئۆکراینی لەچالاکی خران و زیاتر لە ٣٠٠ پارچە چەکی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا لە نزیک شاری سۆلێدار دەستی بەسەردا گیرا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە