پەیامی کورد - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٠/٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ویلیکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو،
گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی ماڵئاوایی هاتووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەرکەکانی لە عێراق کۆتایی دێت و لە دەوحەی پایتەختی قەتەر وەک باڵیۆزی نوێی بەریتانیا دەستبەکار دەبێت.
باڵیۆز ویلیکس بەسەرۆکی حکومەتی رایگەیاند کە ”باوەڕمان بە سەرکردایەتیی ئێوە هەیە، هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببات و ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانیشتان دەکەین کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن“.
باڵیۆزی بەریتانیا هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران بەتایبەتیش کە بەهۆی گرژبوونی بارودۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە هەزارانیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و هاوڕا بوو لە سەر ئەوەی پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی باڵیۆزی بەریتانیا، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نویێدا. ئاماژەی بە پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دا و گوتی: ”ئێمە چەندین پێشنیارمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشکەش کردووە و چاوەڕێی بەغداین بە ئەرێنی وەڵامی داخوازییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بداتەوە“.
لە بارەی دۆخی سوریاش هەردوولا کۆک بوون لە سەر ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە و رەتکردنەوەی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە، چونکە گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەی لێدەکەوێتەوە.
باسنیوز
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە