پەیامی کورد... پووتین سەری سەرۆکی ئۆکراینای دەوێت
ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، ڕووسیا ٤٠٠ ئەندامی میلیشیای "ڤاگنەر"ی ناردووەتە ئۆکراینا، تاوەکوو "ڤلادیمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئەو وڵاتە تیرۆر بکەن و ڕێگە بۆ سوپای ڕووسیا خۆشبکەن.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو گرووپەی ڤاگنەر لە ئەفریقا بوون و نێردراون بۆ ئۆکراینا، ئەرکیان لێکردنەوەی سەری حکومەتی ئۆکراینایە کە "زیلینسکی"یە، ئەوەش لەبەرامبەر پاداشتی دارایی.
ڕونیشکراوەتەوە، ٢ بۆ ٤ هەزار ئەندامی میلیشیای "ڤاگنەر" گەیشتوونەتە ئۆکراینا و بەشێکیان لە دوو ناوچە جوداخوازەکەی "دۆنیتسک" و "لۆگانسک" بڵاوەیان پێکراوە، هەروەها ٤٠٠یان لە بێلاڕووسەوە بەرەو کیێفی پایتەخت کەوتوونەتە ڕێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بە میلیشیاکە وتراوە کە پۆتن هێورکردنەوەیەکی کورتی دەوێت بۆ ئەوەی پیشانی زیلینسکی بدات کە دەیەوێت دانوستان بکات، بەڵام ناگەنە هیچ ڕێکەوتنێک و تەنیا بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان دەبێت، ئێستاش ئەو میلیشیایە چاوەڕێی ئاماژەی پووتین دەکەن و بەڵێنی پارەیەکی زۆر و دروست کردنی ڕێڕەوێکی پارێزراویان پێدراوە بۆ دەرچوون لە ئۆکراینا دوای کارەکەیان.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، ئەو میلیشیایانە باسیان لەوە کردووە کە شوێنی سەرۆکی ئۆکراینا و ئەندامانی تری حکومەتەکەی لە کیێڤ دەزانن و چاودێری مۆبایلەکانیان دەکەن.
میلیشیای "ڤاگنەر" لەلایەن کەسێکی نزیک لە ڤلادیمیر پۆتنەوە بەڕێوە دەبرێت و بە شێوەیەکی فەرمی سەر بە حکومەتی ڕووسیا نین بەڵام لە ڕاستیدا لقێکی سەر بەو دەوڵەتەن وە زۆر چالاک و توندڕەون و کاری دڕندانە دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئۆکراینی و هەزار پارچە جلی سەربازانی ئۆکراینا دیار نەماون و لەو بارەیەوە هۆشداری لە دزەکردنی سەربازانی ڕووسیا بە جلی ئۆکراینییەوە دراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە