کۆبونەوە چوار قۆڵیەکەی نێوان روسیا، ئێران، تورکیا و سوریا دواخرا

کۆبونەوە چوار قۆڵیەکەی نێوان روسیا، ئێران، تورکیا و سوریا دواخرا

پەیامی کورد... کۆبونەوە چوار قۆڵیەکەی نێوان روسیا، ئێران، تورکیا و سوریا دواخرا

باڵیۆزی روسیاش لە سوریا ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوە چوار قۆڵیەکەی سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا بۆ سەرەتای مانگی ئایار دواخرا، وتیشی: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ناتوانرێن بە چەند خولێکی چارەسەر بکرێن و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

ئەلێکساندەر یەفیمۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە سوریا لە راگەیەندراوێکدا بۆ رۆژنامەی "الوطن"ی نیمچە فەرمی سوریا ڕایگەیاند: وادەی کۆبونەوەی چوارقۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، ئێران و ڕوسیا بۆ سەرەتای مانگی ئایار دواخراوە، هەرچەندە بڕیار بو رۆژی دوشەممە ئەنجام بدرێت.

ئاشكراشی دەكات: پەیوەندی و راوێژەکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئەنجامە ئەرێنییەکان، چونکە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا رێگایەکی دور و درێژە و ناتوانرێت سەرجەم پرس و کێشەکان لە خولێک یان چەند خولێکی دانوستاندا چارەسەر بکرێن و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "الوطن" ڕونیدەكاتەوە: ئەم پشتڕاستکردنەوەی یڤیمۆڤ بۆ بانگهێشتکردنی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، روسیا و ئێران، لەژێر رۆشنایی پێداگری دیمەشقدا دێت لەسەر پابەندبون بە گەرەنتیەکانی کۆتاییهێنان بە بونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکەکەی و راگرتنی پشتیوانی لە رێکخراوە چەکدارەکان، ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردوە، تورکیا تا ئێستا ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە تا پابەندی ئەو پرەنسیپانە ببێت کە دیمەشق دەیەوێت.

باس لەوەش دەكات: کۆبونەوەکە کە پێشبینی دەکرا سبه‌ی دوشەممە ئەنجامبدرێت، بۆ سەرەتای مانگی داهاتو دواخراوه‌.

شایەنی باسە 7ی ئەم مانگەش، بەدران چیا کورد، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاڤای كوردستان لەبارەى کۆبونەوە چوار قۆڵییەکەى مۆسکۆ ئەوەی خستبوەڕوو: هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا، شەرعیەتدانە بە داگیرکارییەکانى ئەو وڵاتە لە سوریا، ده‌شڵێت، رێککەوتنە نوێیەکانی نێوان حکومەتەکانی دیمەشق و ئەنقەرە لەسەر حسابی گەلی سوریا دەبێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە